سەردێڕ:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: حکومەت دەتوانێت بێ لێبڕین و لە وادەی خۆیدا موچە دابەش بکات

فۆتۆ: 
2021-06-15

3759 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ و نانەوتی و خاڵە سنورییەکان نزیکەی ٢٨٠ ملیار دینار و لە داهاتی نەوتیش ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، بەمەش دەتوانێت بێ لێبرین و لە وادەی خۆیدا موچە دابەش بکات.


سەرکۆ ئازاد  ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە ناڤینی رۆژ لە ئێن ئار تی رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ ١٣٠ ملیار دیناری دەستکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا لە بازاڕەکانی جیهاندا یەک بەرمیل نەوت بە ٧٣ دۆلار دفرۆشرێت و نەوتی هەرێم بە هەشت دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت، بەمەش هەر بەرمیلێک بە ٦٥ دۆلار دەفرۆشرێت و داهاتی مانگێکی نەوت دەکاتە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.

هاوکات، سەبارەت بەو داهاتانەی دەست حکومەتی هەرێم کەوتوون، سەرکۆ ئازاد وتی، وەزیری دارایی ئاشکرای کردووە، لە داهاتی ناوخۆ و نانەوتی و خاڵە سنورییەکان نزیکەی  ٢٨٠ ملیار دینار و لە داهاتی نەوت لە دوومانگدا ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.

سەرکۆ ئازاد باسی لەوەشکرد، "لە ئەگەری نەناردنی پشکی هەرێمەوە لەلایەن بەغداوە بە بڕوای ئێمە بە داهاتی نەوت حکومەتی هەرێم دەتوانێت موچە دابەش بکات. ئەگەر ئەو گەندەڵی و ناشەفافی و نارونیەی لەنەوتدا هەیە کەمبکرێتەوە دەتوانرێت موچە بێ لێبڕین و لە کاتی خۆیدا بدرێت".

لە بارەی کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی لە پەرلەمان لە بارەی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی یاسای بودجە رایگەیاند، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بەرادەستکردنی لیستی داهاتی نەوتی نانەوتی و ٥٠% داهاتی خاڵە سنورییەکان و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان ئەمەشیان بە بەغدا راگەیاندووە.

هاوکات، لەبارەی ناردنی پشکی هەرێم لەم مانگەدا و دابەشکردنی موچەوە، وەزیری دارایی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی وتووە، هیچ زانیارییەکی نییە لەوەی کە بەغدا پارە دەنێرێت یان نا، چونکە هیچ ئیرادە و نیەتێک نییە بۆ ناردنی پشکی هەرێم.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت ٥٣%  داهاتی نەوتی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام بە گوێرەی ئەو داتایانەی وەزیری دارایی خستنیەڕوو  ٣١ – ٣٢% داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئێمە گرفتمان لەگەڵ ئەو ٢٠% هەیە کە دیارنیە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق پەسەندکراو و تیایدا پشکی هەرێم بە رێژەی ١٢.٦٧%  بەگوێرەی هەردوو مادەی ١٠ و ١١ی تایبەت بە پشکی هەرێم پەسەندکرا. تیایدا حکومەتی هەرێم پابەند رکاوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو رادەستی کۆمپانیای سۆما بکات و  ٥٠% داهاتە نانەوتی و خاڵە سنورییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات.

 

ک. ئ