سەردێڕ:

فڕۆکەخانەی ھەولێر لەسەر دەستگیرکردنی سێ ئەندامی پەیەدە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-06-15

5041 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ١٠ی مانگ، پەیکی پەیەدە لە هەرێم وتی، سێ ئەندامیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراوە، بەڵام ئەمڕۆ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر رایگەیاند، دەستگیرکردنی سێ ئەندامی پەیەدە "راست نییە."


ئەحمەد ھۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە فڕۆکەخانەی ھەولێر کەس نەگیراوە لەسەر بیروڕای سیاسی و ئەوەش راست نییە کە پەیەدە باس لە گرتنی سێ ئەندامی خۆیان لە فڕۆکەخانەی ھەولێر دەکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەریش ھەیە کە کەسێک کێشەی هەبێت لە پاسپۆرت یاخود ئیقامە یاخود بەڵگەکانی دیکەیدا و بۆیە ھەندێک جار دەکرێت چەند کاتژمێرێک دوابکەوێت و ئەگەر بەڵگەکانیشی تەواو نەبێت، بەو فڕۆکەیەی خۆی بۆ شوێنەکەی رەوانەی دەکەینەوە، ئەگەر کێشەشی نەبێت دێتە ھەرێمی کوردستان."

ئەحمەد ھۆشیار باسی لەوەشکرد، "ئێمە فڕۆکەخانەین و شوێنی ھەزاران کەسە، کە ھاتوچۆی لێ دەکات و کەسیش لە نێوچەوانی نەنووسراوە کە چ حزبێکە و سەر بە چ لایەنێکە، ئێمەش تەنھا مامەڵە لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەکان دەکەین و پێویستە پاسپۆرت کێشەی نەبێت، چونکە ئەوەی بێتە عێراق، نابێت پاسپۆرتی لە شەش مانگی کەمتر مابێت بەسەر بچێت."

هەر رۆژی ١٠ی مانگ، نوری ئەسعەد پەیکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە سێ بەرپرسییان کە لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکراون.

هەر لە رۆژی ١٠ی مانگدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، "پەکەکە بە ھاوکاریی دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاوڵاتی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپاییان لە ژێر ناوی گروپی ئاشتی و ئازادی ناردووەتە هەرێم بەمەبەستى تێکدانی سەقامگیرییەکەى."

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان، کە بەوهۆیەوە چەندین کەس کوژراون و برینداربوون و زیان بە چەندین هاوڵاتی ناوچە سنورییەکان گەیشتووە.

بەگوێرەی وتەی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە سنوری چیای مەتینای پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگە و بەوهۆیەشەوە، پێنج پیشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

٨ی ئەم مانگەش، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چەکی قەناس پێشمەرگەیەک شەهیدکراوە و پەکەکەش ئەنجامدەری هێرشەکەیە.

بەڵام چەند بەرپرسێکى پەکەکە ئەوەیان رەتکردەوە و بێئاگایی خۆیان لە هەردوو رووداوەکە راگەیاند و باسیان لەوەکرد، ئەوان تەنها لەگەڵ حکومەتى تورکیا شەڕدەکەن.

ئومێد چۆمانی، هەولێر

ئـ. بـ