گروپی حەوت لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا رایگەیاندووە، "بە پێزانینەوە دەڕوانینە رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لەناویاندا هێزی پێشمەرگە لە سەرکەوتنیان بەسەر داعش"، دەشڵێت، جەخت لە سەرخستن و دروست بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکەنەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، گروپی حەوت (وڵاتانی پیشەسازیی جیهان) لە بڕگەیەکی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەیان لە بەریتانیا ئاماژەیان بەوەکردووە، "بە پێزانینەوە دەڕوانینە رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لەناویاندا هێزی پێشمەرگە لە سەرکەوتنیان بەسەر داعش."
لە راگەیەنراوەکەی G7دا ئەوەش هاتووە، "جەخت لە پشتگیریی نێودهوڵهتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکان لە دەسەڵاتی داعش و سەرخستن و دروست بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکاتەوە، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) بەڕێوەبچێت."
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە "گروپی حەوت دووپاتیکردووەتەوە کە دەبێت سەروەری و سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێتەوە، گروپە لادەرەکان لە یاسا کۆنتڕۆڵ بکرێن."
رۆژی ١١ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی 7 لە بەریتانیا بەڕێوەچوو و بەگوێرەی وتەی بی بی سی، "تەواوی پرسە جیهانییەکان" لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە.