بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رایگەیاند، لەمساڵدا مۆڵەتی ھێنانی کەلوپەل بە دوو ھەزار و نزیکەی ٥٠٠ بازرگان دراوە، کە چەندین جۆری کەلوپەلیان هاوردەکردووە، دەشڵێت، "جموجوڵی بازرگانی هەڵکشاوە."
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بۆ ماڵپەڕی پارتی باسی لەوەکردووە، جوڵەی بازرگانی بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە و ژمارەی مۆڵەتە بازرگانیش زیادیکردووە، بە جۆرێک ئەمساڵ نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ مۆڵەتی بازرگانی دراوە.
لەبارەی جۆری مۆڵەتەکانیشەوە، نەوزاد کامیل ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو مۆڵەتانەن کە دراون بە بازرگانان تا کەلوپەلی بازرگانی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن.
لەبارەی جۆری کەلوپەلەکانیشەوە کە هاوردەی هەرێم کراون ئەوەی خستووەتەڕوو، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی ھاوردەی ھەرێمی کوردستانیان کراوە بوارەکانی پیشەسازی و دەرمانی و پزیشکی و ئاژەڵ و خۆراک و چەندین جۆری دیکەی کەلوپەل ھاوردە کراون، لەبارەی هەناردەشەوە ئەوەی وتووە، کە "ھەناردەمان کەمە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاستی جموجوڵی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و ئەمەش کاریگەریی کردەسەر رێژەی داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم.
نـ. غـ
ئـ. بـ