وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمیشە رایگەیاند، پاش هەوڵ و گفتوگۆکانی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە پێناو جێبەجێکردنی یاساى بودجە و هەنگاونانی کردارەکی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندبونەکانى، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
خالید شوانى ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم دەستیان بە وردبینی لە داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەکان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادەدەبێت.
ئەمشەو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە، وتبووشی، "ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بەسەر بەربەستێکی سەختدا زاڵبووین."
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.