سەردێڕ:

کاسبکارانی ناوچەی دەستاڕەکەی سلێمانی دژی داگیرکردنی دوکانەکانیان گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2021-06-15

3724 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو کاسبکاران و فرۆشیارانی ناوچەی دەستاڕەکەی سلێمانی دژ بە هەڕەشەی تێکدان و روخاندنی دوکانەکانیان کە بە وتەی خۆیان زیاتر لە ٣٠ ساڵە تیایدا کاردەکەن گردبوونەوە.


بەوتەی خۆیان ئەو کاسبکارانە ماوەی زیاتر لە ٢٠ تا ٣٠ ساڵە لەو ناوچەیەدا کاردەکەن و بۆ ئێن ئاڕ تیش باسییان لەوەکرد، "ئێمە ماوەی ٣٠ ساڵە لێرەین، بەپارەی خۆمان ئەو زەویانەمان کڕیوە، هەموومان ئەرکی دابینکردنی بژێوی چەند خێزانێکمان لەسەر شانە، هیچ موچەیەکمان نییە، حکومەتیش بێدەنگە بەرامبەر بەم رەفتارەی دەکرێت بەرامبەرمان".

ئەو کاسبکارانە ئەوەشیان خستەڕوو، "ئەم ئێوارەیە چەند کەسێک بەچەکەوە هاتوونەتە بەردەم دوکانەکانمان و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە بە شەو شۆفڵ دێنن و دەیڕوخێنن".

کاسبکارێکی کەمئەندامیش بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "من کەمئەندامم و جگە لەم دوکانە هیچ ئیشێکی دیکە شک نابەم، ٣٠ ساڵ پێش ئێستا بە پارەی خۆم ئەم دوکانەم کڕیوە، بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵم لەسەر ئەم دوکانەیە، ئەگەر بڕوخێنرێت ئەوا دەبێت بچم سواڵ بکەم".

شەوی ١٣ی مانگیش، دژی بڕیاری بەکرێدانی شەقام و شۆستەکانی شەقامی سالم لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە، بەشێک لە کاسبکاران لەو شەقامەدا گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگای سەرەکی شەقامەکەیان داخست.

نـ، غـ