رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ) راپۆرتێکی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی پاراستن، خۆپیشاندەران سەرکوتدەکەن و حکومەتی هەرێمیش وەڵامی دەداتەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی پاراستن تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە رێگەی دەستگیرکردنیان و دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و ترساندنیان.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ـدا لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی خۆپیشاندانی فراوان کراوە، داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، خزمەتگوزاریی باشتر، پێدانی موچە دواکەوتووەکانی فەرمانبەران کراوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگیرکردووە، تاوەکو ئێستا ٣٠ کەس لە گرتووخانەکاندا ماونەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا خۆپیشاندان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەڕێوەچوو و تیایدا چەند کەسێک کوژران و برینداربوون و تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو بابەتانە دەستگیرنەکراوە.
هاوکات، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكات "كۆتایی بە هەڵمەتی ترساندن و تۆقاندن و دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دادگاییكردنی نادادپەروەرانە و هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانان و كەسوكارەكانیان بهێنن."
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٦ی مانگی رابردوو، دادگای تاوانی ههولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەبڕیارێکی نادادپەروەرانەیان زانی.
لەبەرامبەردا، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەوانەی رێنماییەکانیانی تایبەت بە کۆرۆنا شکاندووە و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دووچاری رێکاری یاسایی کراونەتەوە.
ئـ. بـ