سەردێڕ:

کاتی ھاتنی پارەکەی بەغدا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-06-16

60739 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، بەغدا شایستەی دارایی شەش مانگی ئەمساڵ بۆ هەرێم دەنێرێت کە بۆ هەر مانگێک ٢٠٠ ملیار دینارە، دەشڵێت، "ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ پێش كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ئه‌و بڕە پاره‌یه‌ بگاتە هەرێم."


بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی نزیک لە پارتی راگەیاند، "ئەگەری بەهێز ئەوەیە پێش كۆتایی ئه‌م مانگه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی شه‌ش مانگی رابردووی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك ٢٠٠ ملیار دیناره‌ بگاته‌ هه‌رێم، ئه‌گه‌ر هه‌مووی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نه‌یه‌ت ئه‌وا به‌ چه‌ند قۆناغێك دێت ".

ئاماژەی بەوەشدا، "دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێم هه‌موو زانیارییه‌كانی پێشكه‌شكرد، دوێنێ دیدارمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئەنجامدا و پێی وتین، دوو تیممان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ چاودێری هه‌رێم سه‌رقاڵی كارن بۆ وردبینی و له‌ كاره‌كان رازی بوون"، وتیشی، "ئه‌مه‌ش بووەتە‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌غدا قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بهێنێت، كه‌ ژماره‌كان راست و دروستن."

باسی لەوەشکرد، "بڕیاره‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ كاری پێده‌كرێت و پێویسته‌ ترلیۆنێك و ٢٠٠ ملیۆن دینار له‌ به‌غداوه‌ بێت."

هاوکات، ١٢ی ئەم مانگە، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."

ئه‌مه‌ش لەکاتێکدایە، خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمیشە رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

شەوی رابردووش، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە، وتبووشی، "ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بەسەر بەربەستێکی سەختدا زاڵبووین."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

ک. ئـ

ئـ. بـ