سەردێڕ:

قوباد تاڵەبانی: هەواڵێکی خۆشم پێیە

فۆتۆ: 
2021-06-16

89817 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی وتەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ژمارەی بێهاوتا بەسەر موچەخۆراندا دابەش دەکەن و "بندیوار و سەر دیوار ناهێڵین."


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "هەواڵێکی خۆشم پێیە، کە ٤٧٥ هەزار ژمارەی بێهاوتای کەسی بەسەر موچەخۆراندا دابەشدەکەین"، دەشڵێت، "ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێکخستنەوەی میلاک، بۆ باشتر خزمەتکردنی موچەخۆران و بە سەرەتایەک بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت."

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەی بێهاوتا کێشەی دوو ناوی و سێ ناوی، بندیوار و سەر دیوار ناهێڵێت"، دەشڵێت، "دەمانەوێت حکومڕانی هەرێمی کوردستان باشتر و خێراتر و شەفافتر بکەین چونکە حکومەت لەپێناو خزمەتی خەڵک دروستبووە ."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێستا لە دەرئەنجامی سیستمی بایۆمەتری دەزانین موچە دەدەین بە کێ و دەزانین هاوسەنگی جێندەری لە حکومەت هەیە یان نا."

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "بەربەستە گەورەکەی ئێمە یاسایە و یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکی زۆریان کۆنن و بۆ ئێستا نەنوسراون و پێویستە بگۆڕدرێن."

لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە تاوەکو ئێستا "چاکسازی" دروشمی ئەم کابینەیە بووە و کابینەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن و بارودۆخی هاوڵاتیان و کوردستان باشتر بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هاوڵاتیان گلەییان لە بارودۆخ و ژیانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار هەیە، سەرەڕای ئەوەی موچەش بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت.

ش. ف

ئـ. بـ