بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک و جێهێشتنی لاشەکەی بە رووتی دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ مانگی ئایاری ٢٠٢١ ، كاتژمێر ١٢ی شەو لە گۆڕستانی سەیوان ژنێك کوژرا و پاشان لاشەكەی بە رووتی بە جێهێڵرابوو."
ئەوەش هاتووە، "پاش لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، شەوی رابردوو، توانرا لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە ئەنجامدەری تاوانەکە لەھەمان شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکەی بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت".
دەشڵێت، تۆمەتبارەکە ناوی (ب، ب، ح)ـە و لەدایکبووی (١٩٩٧) لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەمەوامە.