سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-16

1327 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک لە نێویشیاندا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا و بودجەی هەرێم کۆدەبێتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و باس لە پوختەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوروپا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا و دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی هەردوولاوە دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ ئەمساڵ لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، وتیشی، بابه‌تی رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وامی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێت.   

شەوی رابردوو، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە، وتبووشی، "ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بەسەر بەربەستێکی سەختدا زاڵبووین."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.