بەگوێرەی گرتەڤیدیۆیەک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کارمەندێکی هاتوچۆ و کەسێک دەست دەدەنە ئێخەی یەکتر و وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت، رووداوەکە دروستکراوە.
لە گرتەڤیدیۆکەدا ئەوە دەردەکەوێت، کە ماتۆڕسکیلێک لەسەر کرێنێکی هاتوچۆ دانراوە و کارمەندێکی هاتوچۆ و کەسێک دەست دەدەنە ئێخەی یەکتر.
لەسەر رووداوەکە، ئێن ئاڕ تی پەیوەندیکرد بە فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر و وتی، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین."
هەر ئەمڕۆ هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەو کەسە نەماتۆڕسکیلی لێگیراوە، نە لێپیچینەوەی لەگەڵ کراوە، بەڵکو ئەوە کەسێکی ئاسایی بووە و بەپێی زانیاریەکان سەرخۆش بووە".
لەروونکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، "لەخۆیەوە هاتۆتە لای مەفرەزەکە و یەخەی گرتون و جنێوی ناشرینی پێداون و پێی وتون ئێوە لەگەڵ سەگە بەڕەڵاکانی سەرشەقام جیاوازیتان نیە، لە دواییدا بەوەش نەوەستاوە، بەڵکو دەستی بۆ یەخەی پۆلیسەکە بردوە، پۆلیسەکەش بۆ بەرگری لەخۆکردن بەپاڵ دوری خستۆتەوە کە ئەوە کاردانەوەیەکی ئاسایی هەر مرۆڤێکە کەسوکایەتی پێبکرێت".
پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رووداوەکە بە دروستکراو دادەنێن، "چونکە شێوازی وێنەگرتنەکە وانیشان دەدات کە وێنەگرەکە خۆی ئەوکەسەی ناردبێت بۆ دروستکردنی کێشەکە، لە دوای ئەو روداوەش وەکو رێکارێکی یاسایی کارمەندەکەی پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر سوکایەتی کردن پێی لەکاتی ئەرک بێ هیچ هۆکارێکی دیار".
رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە و تیایدا ژنێک هێرشدەکاتە سەر پۆلیسێکی هاتووچۆ و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و دواتر هاتوچۆی هەولێر وتی، کارمەندەکەیان سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و ئەو ژنەش دەستگیرکراوە.
ئ . ب