سەردێڕ:

ئایا دوای گەیشتنی پارەکەی بەغدا لێبڕینی موچە کۆتایی دێت؟

فۆتۆ: 
2021-06-16

29676 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەداین موچە بەبێ لێبڕین بدرێت، بەڵام داهاتی خەڵک تەنها بۆ موچە نییە بەڵکو بۆ خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانیشە.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سەبارەت بە لێبڕینی موچە، دەبێت پارەکە لە بەغداوە بێت و لێکدانەوەی خۆمان بکەین دواتر بڕیار بدەین لەبارەی لێبڕێنەوە.

وتیشی، کاتی ناردنی پارەکەی بەغدا نازانرێت و پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، حکومەتى عێراق بڕیارى داوە مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

دەشڵێت، پابەندین بەوەی کە ٣٠ رۆژ جارێک موچە بدەین.

روونیشیکردەوە، کە ئێمە لەگەڵ شەڕی کورد و کوردا نین و دەمانەوێت قەوارەی ھەرێم بپارێزرێت.

لەبارەی پێدانی نەخۆشخانەشەوە بە کەرتی تایبەت رایگەیاند، ھیچ نەخۆشخانەیەکی حکومی نادرێت بە کەرتی تایبەت و ئەو قسانەی لەوبارەیەوە دەکرێت، "ئەسڵ و ئەساسی نییە."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

هاوکات، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ بڕیارێکی لەبارەی لابردنی لێبڕینی موچەوە نەداوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە نرخی نەوت بۆ سەرو ٧٠ دۆلار بەرزبووەتەوە.

هـ.ئـ