بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی قەڵادزێ کەسێک بەچەکی جۆری دەمانچە تەقەی لە ئاوەڵزاوایەکی خۆیکرد و بەو هۆیەشەوە بەسەختی بریندار بوو، کە دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ سلێمانی بەڕێکرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسەی کە تەقەی لێکراوە ناوی ( د، ع، ح)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩یە، دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی قەزای قەڵادزێیە و پیشەی پێشمەرگەیە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەشەوە، راگەیەندراوەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، بەوتەی سکاڵاکار کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئاوەڵزاوەکەی هەبووە و بەهۆیەشەوە تەقەی لێکردووە، ئەوەش هاتووە، دەستبەسەر ئەو چەکەدا گیراوە کە لە رووداوەکەدا بەکارهاتووە، کە لەجۆری دەمانچەیە.
بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی و بڕگەی ٣١؛ دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ تۆمەتبار دەرچووە، لەشوێنی رووداوەکەش لەلایەن تیمەکانی بەڵگە و تاوان چوار قەوان دۆزراوەتەوە.
نـ.غـ
هـ.ئـ