سەردێڕ:

فراکسیۆنی پارتی: پەکەکە ناوچە سنوریەکان دەقۆزێتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-16

1401 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ھەندێک ناوچە ھەن کە لە رووی ئەمنییەوە توندوتۆڵ نییە و لە لایەن پەکەکەوە دەقۆزرێنەوە."


ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، زیادکردنی ھەماھەنگی و ھاریکاریی نێوان وەزارەتی بەرگریی فیدراڵیی و وەزارەتی پێشمەرگە زۆر گرنگە، داواش دەکەن، "ژمارەی ھێزەکانی پاسەوانی سنور لە ھەرێمی کوردستان زیادبکرێت، چونکە ھەندێک ناوچە ھەن کە لە رووی ئەمنییەوە توندوتۆڵ نییە و لەلایەن پەکەکەوە دەقۆزرێنەوە، کە ئەوەشمان لە میانی سەردانەکەمان بۆ ناوچەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ بەدیکردووە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاندووە، گرنگە پاڵپشتی لۆجستی، رادار و کامێرای چاودێری و پاڵپشتی دارایی لە لایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە زیادبکرێت، دەشڵێت، "ژمارەیەکی کەم لە ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیرکراون و پێویستە ژمارەی پاسەوانانی سنور زیادبکرێن."

ڤیان سەبری وتووشییەتی، "لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ جومعە عناد وەزیری بەرگریی عێراق، کێشە و ئاستەنگەکانی ناوچە سنورییەکمان خستووەتەڕوو و وتوومانە کە پاراستنی سنوری ھەرێم، بەرپرسیاریەتییەکی تەواوکەریی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان، کە بەوهۆیەوە چەندین کەس کوژراون و برینداربوون و زیان بە چەندین هاوڵاتی ناوچە سنورییەکان گەیشتووە.

بەگوێرەی وتەی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە سنوری چیای مەتینای پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگە و بەوهۆیەشەوە، پێنج پیشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

٨ی ئەم مانگەش، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چەکی قەناس پێشمەرگەیەک شەهیدکراوە و پەکەکەش ئەنجامدەری هێرشەکەیە.

بەڵام چەند بەرپرسێکى پەکەکە ئەوەیان رەتکردەوە و بێئاگایی خۆیان لە هەردوو رووداوەکە راگەیاند و باسیان لەوەکرد، ئەوان تەنها لەگەڵ حکومەتى تورکیا شەڕدەکەن.