سەردێڕ:

بەبێ تیژڕۆیی؛ رووداوێکی هاتوچۆ گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-16

6525 جار خوێندراوەتەوە

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، رووداوێکی هاتوچۆ لە ناحیەی سیتەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی روویداوە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.


رووداوەکە بە جۆرێک بووە تیژڕۆیی تێدانەبووە، بەڵکو ئۆتۆمبێلێکی گەورە لە جۆری حەفارە، کە بۆ هەڵکەندن بەکاردێت، لەکاتی داگرتنی لەسەر کرێنێکدا خزاوە و شۆفێرەکەی کەوتووەتە ژێر حەفارەکەوە، کە بەهۆی رووداوەکەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

رووداوەکانی هاتوچۆ ماوەیەکە لە هەرێمدا روویان لە زیادبوون کردووە، بەجۆرێک کەم رۆژ هەیە لە رووداوەکاندا گیانلەدەستدان یان برینداری سەخت یان برینداری ئاسایی نەبێت.

هاتوچۆ بەشێکی رووداوەکان بۆ تیژڕۆیی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان دەگەڕێنێتەوە، هاوڵاتیانیش دەڵێن رێگاوبانەکان خراپن و شۆفێران هاوکاری یەکتر نین.

مەرج نییە رووداوەکانی هاتوچۆ هەمیشە لە تیرۆژییەوە بکەونەوە، بەڵکو زۆر جار نائاگاییەکی کورتی شۆفێر یان سەرپێچییەک، یان هۆشیار نەبوون بەرامبەر بە بابەتی بچووک، رەنگە کارەساتی گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێت.

هـ.ئـ