ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی پاش ئەوەی رەخنەی توندی لە ئەندامانی حزبەکەی گرت و بە بێوەفا و بێ بەڵێن ناویبردن، ئەمڕۆ سەردانی لاهور جەگی هاوسەرۆکی حزبەکەی کردووە و دەڵێت، "رەخنە لە خۆم دەگرم لە هەر کار و گوفتارێک کە شکۆی یەکێتی لەکەدار بکات و پشتیوانی و هاوکاری تەواویان دەبم بۆ ئەو ئەرکە قورسەی لە ئەستۆیانە."
عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کە سەردانی لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی کردووە و دەڵێت، لەگەڵ عیماد ئەحمەد سەردانی لاهور جەنگیان کردووە.
عەتا سەراوی دەڵێت، "لاهور جەنگی بە گیانێکی برایانە و بە رەوشتی بەرزی مەسولانە و مام جەلال ئاسا و بە سنگێکی فراوان، گلەیی و گازندەکانی بە تێبینیەوە وەرگرت."
دەڵێت، "بەندە روونکردنەوەی پێویستم دا و دڵنیام کرد کە ئێمە شکۆی یەکێتی و خودی هاوسەرۆکەکان بە خوێنی خۆمان دەپارێزین، رەخنە لە خۆم دەگرم لە هەر کار و گوفتارێک کە شکۆی یەکێتی لەکەدار بکات و پشتیوانی و هاوکاری تەواوی بەرێزیان دەبین بۆ ئەو ئەرکە قورسەی کە لە ئەستۆی بەرێزیان و سەرۆکایەتی یەکێتیە."
روونیشیکردووەتەوە، "گەرانەوە بۆ پرەنسیپی حیزبی و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە گۆنگرەی چوار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵ و ئەندام و لایەنگیرانی یەکێتیمانداوە، یەکێتیەکان دڵنیابن کە هەموان هاوسەنگەر و هاوخەبات و برای یەکترین و ناحەز و نەیارانیش هەرگیز ناتوانن کەلێن بخەنە نێوانمان."
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ٣٠ی ئایار و لە ٤٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا، عەتا سەراوی لە نووسینێکدا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رووی کردە ئەندامانی حزبەکەی و وتی، "لەدوای نەخۆشکەوتنی مام، ئەو مێژووە تا کۆنگرە بهێننە بەرچاوی خۆتان، کە چ خەونێکمان بە نوێبوونەوە و گەڕانەوە بۆ پرەنسیپ و مەبادئەکان و خاوەندارێتیی یەکێتی لەلایەن خاوەنە رەسەنەکانی هەبوو، "بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مێژووە، هاوکار و پشتیوانی هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بووم، بەڵام دەرەنجام بێ بەڵێن و بێ وەفا دەرچوون، ئێستاش لەبەر حورمەتی مام جەلال و مێژووەکەمان زیاتر لەوە ناڵێم، دەک خەجاڵەت بن، ئەی بێ وەفا و بێ بەڵێنەکان."
هـ.ئـ