بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، شەش مانگە حکومەتی هەرێم پارەی تەرخانکراوی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوای خەرج نەکردووە و هەموو کۆمپانیاکانی دەرمانیش هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا راگرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە دەست پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کەوتووە باسی لەوەکردووە، ماوەی شەش مانگە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرج نەکراوە و هەتا ئەو کاتەی پارەی سلێمانی بەکاردەهات بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک، پارەی دەرمان بە تەواوی دەدرا، بەڵام کاتێک بڕیاردرا پارەی بانکی سلێمانی تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەکاربێت، بریاردرا پارەی کۆمپانیاکان بکەنە تەنها (٪٢).
لەراگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی سلێمانیشدا هاتووە، لە ئێستادا هەموو کۆمپانیاکانی دەرمان هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا راگرتووە و "نەخۆش هەیە لەم هەفتەیەدا (٢٠) ملیۆن دیناری داوە بە دەرمان تەنها بۆ ٢١ رۆژ."
ئەوەش خراوەتەڕوو، خێزان هەیە لەم هەفتەیەدا سەیارەکەی فرۆشتووە بۆ دەرمانی شێرپەنجە، بەڵام بەشی پێداویستی نەخۆشەکەی نەکردووە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، دژی دابەشنەکردنی موچەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشانەی هیوا لە سلێمانی تایبەت بە شێرپەنجە مانیان لەکارەکانیان گرت و پاش دوو رۆژ و ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی داواکانیان جێبەجێبکرێت چوونەوە سەرکارەکانیان، کە بە وتەی خۆیان "لەپێناو پاراستنی تەندروستی گیانی هاوڵاتیاندا بووە."
نـ.غـ
هـ.ئـ