سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی هۆکاری راستەقینەی پشت کەمئاوی لە هەرێم ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2021-06-16

7180 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٣٠ ساڵە هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست کەم ئاوییەوە دەناڵێنن، زۆرینەیان خەفەریاتی سەرە ئاویان هەبووە یان ئاویان بەتەنکەر کڕیوە، هەندێکیشیان بەدیار بەلۆعە و لە چاوەڕوانی سەرەی ئاودا خەویان لێکەوتووە.


بەڵام ئایا رۆژێک پرسیوتە کێشەکە چییە؟ لەوانەیە باوەڕنەکەن گەر هۆکاری راستەقینەی کێشەکە بزانن، هۆکارەکەی نە وشکە ساڵییە و نە بەفیڕۆدانی ئاوە.

بەڵکو هۆکاری کەمئاوی ماڵان بۆرییەکی ئاوە، کە ئەگەر لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا دەسەڵات بیتوانیایە تیرەی بۆرییەکە بکاتە دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە یان چەند بۆرییەکی تری هاوشێوەی رابکێشایە ئێستا کێشەی بێ ئاوی لە سلێمانی و چەمچەماڵ و پیرەمەگرون و تەکیە و بازیان  بونی نەدەبوو.

دەسەڵات لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بۆری نەوت و گازی لە چەمچەماڵ و گەرمیانەوە گەیاندە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام نەیانتوانی لەماوەی ٣٠ ساڵدا چەند بۆرییەکی ئاو لە دوکانەوە بگەیەننەوە سلێمانی کە تەنها ٧٠ کیلۆمەتر دووری نێوانیانە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی سەردانی ئاوی قەشقۆڵی کردووە و سەرچاوەی بۆریەکە لەوێدایە، ئاوەکە ئەگەر بەو بۆریەش نەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان، ئەوا هەر دەڕوات و ناوەستێت، خۆ ئەگەر ئەو بۆرییەش بکرێت بە ١٠ بۆری یان تیرەکەشی گەورە بکرێت یەک دڵۆپ لە ئاوی دەریاچەی دوکان کەم ناکات، چونکە ئاوەکە خۆی هەر لە بەنداوەکەوە بەرەو باشوری عێراق دەڕوات.

ئێستا ئێوەی هاوڵاتی دەزانن کێشەی کەمئاویش وەک هەموو کێشەکانی تر بێپلانی و کەمتەرخەمی دەسەڵات و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمە لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا؟