سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک میکانیزمی نەهێشتنی لێبڕینی موچە ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-17

9392 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ​تاکە رێگە بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات، پێداچوونەوەیە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئاشکراکردنی داهاتی مانگانەی دەروازە سنورییەکان و گەڕانەوەیانە بۆ خەزێنەی حکومەت.


ئەرشەد لۆلانی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتیشە بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاند، "یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە ماوەی رابردوودا نەگەڕانەوەی بەشێکی داهاتی دەروازە سنورییەکان بووە و هەندێک کەس دژی هەنگاوەکانی چاکسازین بە تایبەت رێکخستنەوە و گەڕانەوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەندایە بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە کاری قاچاغچێتی و بەڵگە هەیە کە تا ئێستاش سەد لە سەدی داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت".    

دەشڵێت، ئەوان سەردانی دەروازە سنورییەکانی هەرێمیان کردووە و تەواوی گرفتی دەروازە سنورییەکانیان پێشکەشی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کردووە و هەماهەنگی بۆ رێکخستنەوەی داهاتەکان هەیە.

ئەرشەد لۆلانی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم خاوەنی ئەو توانایە نییە مانگانە موچە بەبێ لێبڕین دابەشبکات و تاکە رێگەش بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات، پێداچوونەوەیە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئاشکراکردنی داهاتی مانگانەی دەروازە سنورییەکان و گەڕانەوەیانە بۆ خەزێنەی حکومەت".

ئەمە لەکاتێکدایە، دابەشکردنی موچەی مانگی رابردوو لە وادەی خۆی کە بڕیاربوو هەموو ٢٥ مانگێک دابەشبکرێت دواکەوت و لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانتارانی پارتی یەکێتیان بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی پارێزگای سلێمانیان بۆ خەزێنەوەی وەزارەتی دارایی تۆمەتبارکرد و لەبەرابەریشدا پەرلەمانتارانی یەکێتی پارتیان بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی خاڵی سنوری ئیبرایم خەلیل تۆمەتبارکرد.

لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە تاوەکو ئێستا "چاکسازی" دروشمی ئەم کابینەیە بووە و کابینەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن و بارودۆخی هاوڵاتیان و کوردستان باشتر بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هاوڵاتیان گلەییان لە بارودۆخ و ژیانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار هەیە، سەرەڕای ئەوەی موچەش بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت.