سەراپا جەستەی شین و مۆر هەڵگەڕا بوو، ئایشەی ١٢ساڵ بەگریانەوە شوێنی برینەکانی خستەڕوو، سزایەکی قورس بۆ منداڵێکی بچوک تاوانەکەش رشتنی مەنجەڵێک شیرە.
ئایشە چیرۆکەکەی بەمشێوە گێڕایەوە، "لەکاتی دۆشینی مەڕەکان، مەڕێکم گرتبوو، خافڵ بووم و ئاگام لێنەما مەڕەکە مەنجەڵە شیرەکەی رشت و باوکم بە کێبڵ و تەختە لێیدام".
بەپێی راپۆرتی پزیشکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری، توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر ئایشە ئەنجامدراوە.
(ش. ک)، دایکی ئایشە کە ژنی سێیەمی پیاوەکەیە بە ئێن ئاڕتی راگەیاند:" مێردەکەی چوار ژنی هەیە و هەر یەکەیان لەشوێنێک دەژین، کچەکە لای خۆی نەبووە و باوکی بە مەبەستی بەخێوکردنی مەڕو ماڵات و ئاگاداربوون لە منداڵی دوو ژنی دیکەی بردوویەتیە لای خۆی، لە دوای ئەشکەنجەدانی هەڵهاتووەو لای دایکی خۆی حەشارداوە".
شیرین سکاڵای لە پۆلیسی قوشتەپەو پۆلیسی پردێیش لەسەر مێردەکەی تۆمار کردووەو راپۆرتە پزیشکیەکانیشی وەک بەڵگە بەکارهێناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پیاوەکە لەناوچەیەکی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق کاری ئاژەڵداری دەکات تائێستا دەستگیرنەکراوە.
ئێن ئاڕتی پەیوەندیکرد بە باوکی منداڵەکەوە بەڵام پەیوەندیەکانی بەردەست نەبوو، هاوکات هەوڵیدا لەرێگەی کەسە نزیکەکانی پەیوەندی پێوە بکات بەڵام نەیتوانی پێی بگات.
رزگار کۆچەر - هەولێر
ک-ئ