سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەت بەڵێنێک دەداتە جوتیارانی هەرێم

فۆتۆ: 
2021-06-17

1564 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەت بەرپرسیارێتی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران لەئەستۆ دەگرێت و جوتیاران خەمی ساغنەکردنەوەی بەرهەمەکانیان نەبێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی جوتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتە  رایگەیاند، پێویستە جوتیارانی هەرێم گرنگی زیاتر بە بەرهەمەکانیان بدەن و کاربکەن بۆ ئەوەی رێژەی بەرهەم زیادبکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت هەوڵدەدات لەسەر ئاستی دەرەوە بازاڕی تایبەت و گونجاو بۆ بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بڕەخسێنێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، جوتیارانی کوردستان دڵنیابن لەوەی حكومه‌ت پشتیوان ده‌بێت بۆ پاراستنی به‌رهه‌مەکانیان و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناچار نه‌بن ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌توانن ناوخۆ دروستی بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنن.

دەشڵێت، پێویستە جوتیاران نیگەرانی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان نەبن.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، حكومه‌ت به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی نرخی به‌روبومه‌كان بۆ هه‌موو هاوڵاتییان، کاریشدەکەن بۆ ئەوەی جوتیاران لەژینگەیەکی گونجاودا پەرە بە ئاستی سێکتەری کشتوکاڵی هەرێم بدەن.

سەرۆکی حکومەت داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کرد، دەروازەکانیان بە رووی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمدا دانەخەن و رێگەبدەن جوتیاران بەرهەمەکانیان بگەیەننە بازاڕەکانی سەرجەم پارێگاکانی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە جوتیارانی هەرێم نیگەرانن لە ساغنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان و ژمارەیەکیشیان وەک نارەزایەتییەک لەبەرامبەر هاوردەکردنی بەروبوومی بیانی و ساغنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان لەناوخۆ و دەرەوە، بەرهەمەکشتوکاڵییەکانیان فڕێدەدەن.

نـ ، غ

كـ ، ئـ