بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر رایگەیاند، هۆکاری گرانبوونی بەنزین بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە و بەشێک لەو بەنزینەشی کە رەوانەی هەرێم دەکرێت لەپشکنین دەرناچێت. دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم دەتوانێت جێگرەوە بدۆزێتەوە و ئەو كێشەیە چارەسەر بكات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، ئەوان رۆژانە لیژنەكانیان سەردانی بەنزینخانەكان دەكەن و پشكنین بۆ بەنزینەكە دەكەن و ھەر كەسێك سەرپێچیی رێنماییەكان بكات و ئۆكتانی بەنزینەكەی لە خوار ٩٠ بێت، سزای دەدەن.
دەشڵێت، "لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا نزیكەی١٠بەنزینخانەمان سزا داوە".
لەبارەی ھۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزینیشەوە، بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن كە بوونەتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین، یەكێكیان ئەوەیە كە ئێران گرانی كردووە و ئەوەی دیكەش لە پشكنین دەرناچێت، بەڵام حکومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێ جێگرەوە بدۆزێتەوە و ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.
ئاری كاكەشین چەند چەند هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی نرخی بەنزینی خستەڕوو و وتی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نەوت و ئەو رێنماییە تازانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەریكردوون، كە نابێت بەنزینی خراپ بۆ ھەرێمی كوردستان بێت، وای كردووە نرخی بەنزین ھەندێك گران بێت.