کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، وشکەساڵی جیھانییە و شتێکی ئاساییە، وڵاتەکەشی بێ بەش نەبووە لە وشکەساڵی و لەئێستادا لە هەمان کێشەدان. دەشڵێت، "ئێران هۆکارنییە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و هەرێم".
نەسروڵلا رەشنوودی کونسوڵی گشتی ئێران لە هەرێم بە ئاژانسی دەنگی ئەنادۆڵۆی راگەیاند، بەهۆی کەمبارانی و کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی لە هەرێم هەندێک جار پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەکرێت بەوەی ژمارەیەک بەنداوی نوێی دروست کردووە.
وتیشی، وشکەساڵی ھیچ پەیوەندیەکی بە ھیچ وڵاتێکەوە نییە و جیھانییە و شتێکی ئاساییە، ئێرانیش بێ بەش نەبووە لە وشکەساڵی و لەئێستادا لە هەمان کێشەدان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنێوان عێراق و ئێران کۆمیتەیەک ھەیە سەبارەت بە ئاو و ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکەن چۆن ئاوە هاوبەشەکان رێکبخرێت بە هاوسەنگی و یەکسانی لەنێوان هەردوولادا.
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی لە دەزگاکانی راگەیاندن باسی لێوە دەکرێت کە ئێران هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و هەرێمە وانییە و ئێمە نیگەرانین لە بوونی وشکەساڵی کە لە ھەرێمداھەیە".
کونسوڵی گشتی ئێران لەبارەی ھاوکاری وڵاتەکەی بۆ تێپەراندنی وشکەساڵی لە ھەرێم وتی، "دەبێت بجەنگین لەگەڵ وشکەساڵیدا و دەست لە دەستی یەک بنێین بۆ ئەوەی تێپەرببێت و ھەردوو وڵاتیش لە پەیوەندیدان لەم بارەیەوە".
لە بارەی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێرانەوە نەسروڵلا رەشنوودی باسی لەوەشکرد، "بەھۆی پەیوەندییە باشەکەمان، هەبوونی مەرزە ھاوبەشەکان لەنێوانماندا، لەیەک نزیکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمەدا، نزمی نرخی کاڵاکانی ئێران و بەرزی کوالێتیەکانیان، قەبارەی بازرگانیمان رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە ساڵانە چەندین پێشانگای کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە".
لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزای گەشتیاری نێوان عێراق و ئێران کونسوڵی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "پێشتر ئێران و حکومەتی عێراق رێککەوتبوون لەسەر لابردنی ڤیزا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، بەڵام بەھۆی ھاتنی کورۆناوە ئەو بڕیارە نەما، چونکە خۆی بۆ ئەوکاتە بڕیارەکە کاتی بوو و گەڕاینەوە سەر ھەمان بڕیاری پێشوو".
ئاماژەی بەوەشدا، لە دوایین کۆبوونەوەکاندا لە ئێران بڕیاری لەسەر دراوە کە ڤیزا ھەڵبگیرێت و ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لابردنی ڤیزا و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی عێراق دەکەن تا ببێتە بڕیار و ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا نەمێنێت.
ئەمە لەکاتیکدایە، حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوو وشکە ساڵی راگەیاند، هاوکات، بەهۆی بەنداوە نوێیەکانی ئێران کەلەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە دروستی کردوون دەڕژێنە هەرێمەوە ئاستی ئاوی روباری سیروان و دووکان دابەزیوە و حکومەتی فیدڕاڵیش بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆیی کردووە.
لە بارەی هەڵگرتنی ڤیزای گەشتیاریشەوە، ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق و ئێران بڕیارایاندا مەرجی ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی یەکتر هەڵبگرن کە بەمەبەستی گەشتی ئاینی و بازرگانی و خوێندن و چارەسەری نەخۆشی و گەشتی ئاسایی سەردانی ئەو دوو وڵاتەدەکەن. بەمەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو گەشتیارە ئێرانیانە دەستە بەردەبێت کە بە مەبەستی سەردانی کردنی مەرزارگەی ئیمامەکانی شیعە و شارەکانی نەجەف و کەربەلا، کە بەلای موسڵمانی شیعەوە پیرۆزن گەشەت بۆ عێراق دەکەن، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و داخستنی خاڵە سنورییەکان بڕیارەکە وەستێنرا.
كـ ، ئـ