سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە نوێترین پێشهات لەسەر خوێندنی ئەمساڵ دەخاتەڕوو

فۆتۆ: 
2021-06-17

7727 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو تاقیكردنەوە گشتییەكان لە هەرێم بۆ پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەكات و ماوەی نۆ رۆژ بەردەوام دەبێت، دوو هەزار و ٦٥٥ هۆڵی ئامادەکراوە. دەشڵێت، "تەنها ئەو ماددانە هەژمار دەکرێن کە خوێندکار خوێندونی".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فاتیح مەولەوی زادە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو پرۆسەی تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی پۆلە ناكۆتاكان (یەكی بنەڕەتی _ یانزەی ئامادەیی) لە هەرێمی كوردستان بە رێكارەكانی خۆپارێزی دەست پێدەكات و بۆ ماوەی نۆ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەبارەی ژمارەی خوێندکارانی بەشداربوو لە تاقیکردنەوەکاندا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ئامارێكی دروست سەبارەت بە ژمارەی قوتابیانی بەشداربوو نییە، ئەوەی بە دیاریكراوی بەردەستە، ئاماری پۆلی نۆیەمی ئەكادیمی و ئیسلامییە لە خولی یەكەم كە كۆی گشتییان ١١٧ هەزار و ٢٧٣ خوێندکارە. دەشڵێت، "بە شێوەیەكی گشتی دوو هەزار و ٥٦٦ هۆڵ بۆ بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەكان ئامادە كراون".

فاتح مەولەوی زادە لەبارەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ و كورتكردنەوەی هەندێك ماددە و هەژمارنەکردنیان لە تاقیكردنەوە گشتییەكان ئەوەی خستەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تەنها ئەو ماددانە هەژماردەکرێن کە خوێندکار وەریگرتووە و خوێندوویەتی، وردەكاریی ئەم بابەتەش لە ڕێگەی بەڕێوبەری گشتیی پرۆگرامەكانی وەزارەت دراوەتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پەروەدەكان لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەمساڵدا بەهۆی دۆخی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەرەتای پرۆسەی خوێندندا دەوامی قوتابخانەکان راگیرا و دواتریش بەگرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی و سیستەمی ئاوێتە پرۆسەی خوێندن لەهەرێم دەستی پێکردەوە.

نـ، غـ

كـ ، ئـ