لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە ڕەخنەی لە ماڵی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی گرت و دەڵێت:" ئەوان بە تەنیا شۆڕشیان پێناکرێت".
مەحمود سەنگاوی لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە، ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییەکانی هۆزی جاف-دا وتارێکی پێشکەشکرد، دەربارەی هۆزەکەی دەڵێت:"لێتان ناشارینەوە نە لە ناو یەکێتیدا حورمەتی تەواومان هەیە، نە لەناو پارتیدا نە لە ناو لایەنەکانی دیکەدا لەبەرئەوە بەهەرزان خۆمان فرۆشتووە پێیان و بەپارەیەکی کەم ئێمەیان کڕیووەو ئەو پارانەش هی ئەم وڵاتەیە".
سەنگاوی کەپێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە، دەڵێت:"ئێمە زۆربەمان ئەندام و کادیر و سەرکردایەتی یەکێتین و مام جەلال بە رابەری خۆمان دادەنێین، بەڵام ئەمانەی ئێستا هاتوون و وابزانن مام جەلالن نەخێر کەس مام جەلال نین".
سەنگاوی دەربارەی تێڕوانینی یەکێتی و پارتی دەڵێت:"کاک مەسعود پێی وابێت تەنها بە عەشیرەتەکەی شۆڕشی پێدەکرێت نەخێر لەگەڵ ئێمەشدا پێی دەکرێت و ماڵی مام جەلال پێیان وابێت شۆڕش هەربە ئەوان دەکرێت نەخێر بە ئێمەوە دەکرێت و ئومێد دەکەین لە شەڕی براکوژیدا بە کوشتمان نەدەن و هەموومان دژی شەڕی براکوژین و پەکەکەش لێرە هەن و ئێمەش ئیزعاج دەکەن".
سەنگاویی کەپێشتر رەتیکردبووەوە شەڕی کوردکوژی بکاتەوە دەڵێت:"ئومێد دەکەین جارێکی دیکە لە شەڕی ناوخۆ و کورد بەکورد بەکوشتمان نەدەن، ئومێد دەکەین بەهەموومان دژی شەڕی کورد بەکورد بین".
سەنگاویی ئەوەشی خستووەتەڕوو:" حزبەکان دەبێت رێزمان بگرن بۆ ئەوەی رۆژی دەنگدان بچینە سەرسندوقی دەنگدان".
جاف؛ یەکێکە لە گەورەترین هۆزەکانی کوردستان، کە ٨٢ تیرەی جیاوازی لێ جیادەبێتەوە و لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا نیشتەجێن.