سەردێڕ:

هەپەگە: لە سنوری ئامێدی ١١ سەربازی تورکیا کوژران

فۆتۆ: 
2021-06-17

1640 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە ناوچەکانی مەتینا و ئاڤاشین لە سنوری ئامێدی ١١ سەربازی تورکیا کوژران، وەزارەتی بەرگری تورکیاش گیان لەدەستدانی نۆ گەریلای پەکەکەی راگەیاند.


هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گەریلاکانیان لە مەتینا و ئاڤاشین لە سنوری ئامێدی، لە دژی سوپای تورکیا چالاکیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە ١١ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.

لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای وڵاتەکەیاندا نۆ گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کوژراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند مانگێکە تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان، کە بەوهۆیەوە چەندین کەس کوژراون و برینداربوون و زیان بە چەندین هاوڵاتی ناوچە سنورییەکان گەیشتووە.

بەگوێرەی وتەی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە سنوری چیای مەتینای پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگە و بەوهۆیەشەوە، پێنج پیشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

٨ی ئەم مانگەش، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چەکی قەناس پێشمەرگەیەک شەهیدکراوە و پەکەکەش ئەنجامدەری هێرشەکەیە.

بەڵام چەند بەرپرسێکى پەکەکە ئەوەیان رەتکردەوە و بێئاگایی خۆیان لە هەردوو رووداوەکە راگەیاند و باسیان لەوەکرد، ئەوان تەنها لەگەڵ حکومەتى تورکیا شەڕدەکەن.

ئاکار بەختیار