هێلینی تەمەنی ١٩ ساڵ لە هەولێر کە لە رێگای ئۆنڵاینەوە حەبی زیادکردنی کێشی کڕیبوو گیانی لەدەستدا، باوکیشی دەڵێت، بەهۆی حەبەکەوە گیانی لەدەستداوە، هاوکات، حکومەتیش دان بەوەدا دەنێت کە ناتوانێت کۆنترۆڵی فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنڵاین بکات.
هێلین بەهیواى ئەوەبوو کە لە رێگەى بەکارهێنانى ئەو دەرمانانەى کە رۆژانە لەپەیج و ئەکاونتەکانەوە رێکلامى بۆ دەکرێت جەستەیەکى دڵخوازى خۆی هەبێت، بەڵام بێئاگا لەوەى کە ئەو دەرمانانە بۆ یەکجارى دەبنە هۆى گیانى لەدەستدانى.
هێلین ئەحمەد تەمەنی ١٩ ساڵ بووە خوێندكاری قۆناغی دووەمی پەیمانگای كۆمپیوتەر بووە.
باوكی هێلین دەڵێت، "سۆنارمان بۆ کرد و پزیشکەکان وتیان، ریخۆڵەکانی بەهۆی ماددەی کیمیاییەوە کێشەی تیادا دروستبووە و ئێمەش ئەو حەبەمان لە ژوورەکەیدا دۆزییەوە"، دەشڵێت، "داوادەکەم بەدواداچون بکرێت تا جەرگی کەسی دیکە نەسوتێت."
ئەو دەرمانانەى لە دەرمانخانەكان دەفرۆشرێن مەرجە بە كوالیتی كۆنترۆلی دەرماندا تێبپەربن، لەوبارەیەوە، پزیشكێکی دەرمانساز بە ئێن ئاڕ تی وت، "هەر دەرمانێک بە ئۆنڵاین بفرۆشێت تەندروست نییە و قەدەغەیە، چونکە دەبێت بە چەند قۆناغ و رێکارێکدا بڕوات ئینجا بگاتە دەستی هاوڵاتیان."
لای خۆشییەوە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، تمێکی پشکنین و بەدواداچون لیکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی هێلین دەکەن و لەهەر حاڵەتێکدا سەرپێچیکاران روبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە رێگری لە فرۆشتنی دەرمانی ئۆنلاین بکات، چونكە وەک ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەگەر ئەو پەیچ و ئەكاونتانە شوێنیان دیاربێت ئەوا توندترین رێکار دەگرنەبەر، بەڵام ئەو پەیجانە شوێنیان دیارنییە و نەناسراون و نازانن لەگەڵ کێدا رێکارەکان بگرنەبەر.
لە خراپی سیستمی تەندروستی و دەرمان لە هەرێمی كوردستان هاوڵاتیان قوربانی یەكەمن چونكە زۆر جار بەهۆی نەشتەرگەری و هەڵەی پزیشكی بەکارهێنانى دەرمان بەهەڵە هاوڵاتیان گیانیان لەدەستداوە.
ئومێد چۆمانی، هەولێر
ئاکار بەختیار