سەردێڕ:

لە شارێکی هەرێم ژنێک دوو دەفتەر دۆلاری داوە بە کەسێک تا پیاوەکەی بکوژێت

فۆتۆ: 
2021-06-17

38371 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، رۆژی ٢١ی مانگی ٤ی ئەمساڵ کەسێک کوژراوە و دواتر تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستگیرکراوە و وتوویەتی، "ژنی ئەو پیاوە زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلاری پێداوە تا مێردەکەی بۆ بکوژێت."


بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە ٢١ی نیساندا هاوڵاتییەک بە ناوی (س، خ، پ) لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٨ی، دانیشتوی حاجیاوا/دابان لە نزیک ماڵەکەی خۆی درایەبەر دەستڕێژی گوللـە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا و رێکاری یاسایی گیرایەبەر و دۆسیەی لێکۆڵینەوە کرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر لەسەر ئەو رووداوە دوو تۆمەتبار دەستگیرکران، کە یەکێکیان خێزانی کوژراوەکە و ئەوەی تریان خەسوی کوژراوەکە بوو و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیران.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و سوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن، تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بەناوی (س، ئـ، ئـ) دەسگیرکرا و بەپێی ماددەی ٤٠٦ و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیرا.

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند، بەڵگەی تەواو کۆکرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەکی (س، ئـ، ئـ) بەڵام لەسەرەتادا نکۆڵی دەکرد و دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردەکاری زیاتر و خستنەڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبارەکە لە ئێستا دانی ناوە بەتاوانەکەیدا.

وتووشییەتی، لە ئێستادا تۆمەتبار (س، ئـ، ئـ) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەکەیداناوە و بە وتەی خۆی دەڵێت، "لەگەڵ خێزانی کوژراوەکەدا رێککەوتووە، کە لە بەرامبەر بڕی ٢٢ هەزار و ٧٠٠ دۆلاردا مێردەکەی بۆ بکوژێت."

رۆژی ٢١ی نیسان، لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە، گەنجێکی تەمەن ٣٣ ساڵ کە هاوسەرگیری کردبوو و خاوەنی دوو منداڵ بوو لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

ئاکار بەختیار