نرخى بەنزین تا دێت زیاتر بەرزدەبێتەوە و لەمشەویشەوە بۆ هەر لیترێک لە جۆرەکانى بەنزین ٥٠ دینارى دیکە چووەتە سەر نرخەکان و نرخى لیترێک بەنزینى نۆرماڵ گەیتشووەتە ٧٥٠ دینار.
خاوەن بەنزینخانەیەکی سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بڕیارەکە لە بەشێک لە بەنزینخانەکان جێبەجێکراوە و لە سبەینێشەوە لە سەرجەم بەنزینخانەکانى سلێمانى ٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک لە جۆرەکانى بەنزین دەچێتە سەر نرخەکەى.
باسى لەوەشکرد، نرخى گازیش گرانتربووە و بۆ هەر لیترێک گاز ٢٥ دینار چووەتە سەر نرخەکەى.
هاوکات، ئێن ئاڕ تى پەیوەندیکرد بە بەھمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانییەوە، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر بەرزکردنەوەى نرخى بەنزین قسەبکات و رایگەیاند، سبەینێ هۆکارەکەى ئاشکرادەکەن.
ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر رایگەیاند، هۆکاری گرانبوونی بەنزین بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە و بەشێک لەو بەنزینەشی کە رەوانەی هەرێم دەکرێت لەپشکنین دەرناچێت، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم دەتوانێت جێگرەوە بدۆزێتەوە و ئەو كێشەیە چارەسەر بكات."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەى مانگێکە نرخى بەنزین لە شارەکانى هەرێمى کوردستان بە بیانووى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار و زیادکردنى باجەوە بەرزکراوەتەوە و حکومەتى هەرێمیش تا ئێستا هیچ پلانێکى بۆ دابەزاندنى نرخەکەى نییە، هاوکات نرخى لیترێک بەنزین لە سەرجەم شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق تەنها ٤٥٠ دینارە و چەندین ساڵیشە ئەو نرخە بەجێگیرى ماوەتەوە.
ئاکار بەختیار