ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لێبڕینی موچە پەیوەندی بە هەبوون و نەبوونی پارەوە نییە و بەرپرسانی هەرێم چەندین جار لە کۆبوونەوەکاندا وتوویانە ئەگەر بیانزانیایە زووتر لێبڕینیان بۆ موچە دەکرد.
شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە میدیای فەرمی حیزبەکەی راگەیاندووە، ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت بۆ پەردە پۆشکردنی گەندەڵییەکانە و ئەگەر بێت و کۆمپانیا لۆکاڵییەکان باج بدەنە حکومەتی هەرێم ئەوا لەو پارەیەی کە لە بەغدا وەک سەدەقە وەردەگیرێت زیاتر پەیدا دەکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم ئەوەندەی خەمی پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و پاراستنی کۆمپانیا نەوتییە لۆکاڵی و حیزبییەکانییەتی ئەوەندە خەمی موچەخۆرانی هەرێمی نییە."
شێرکۆ جەودەت باسی لەوەشکرد، کەرتی نەوتو غاز لە هەرێمی کوردستاندا داهاتێکی زۆری لێ دیارنامێنێت و بە ئێستادا داهاتی حکومەتی هەرێم سەروو ملیارێک دۆلارە و ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی تەواوی موچەی موچەخۆران پێویستی بە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە پاشکەوتی موچەی راگەیاند و لە ساڵێ ٢٠١٩دا پاشەکەوت هەڵگیرا، بەڵام لە ساڵێ ٢٠٢٠ بە ناوی لێبڕینەوە دووبارە دەست کرا بە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران.
شـ.فـ
هـ.ئـ