وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بڕیار وایە تابلۆی ئۆتۆمبێل لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا رێکبخرێت و ناوی کوردستان بخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ رێکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل کراوە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا بڕیارە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە بکرێت، ئەویش بە زمانی ئینگلیزی بێت و یەک شێوازی تابلۆ لە سەرانسەری عێراقدا پەیڕەو بکرێت.
فازڵ حاجی ئەوەشی خستەڕوو، خاڵی باشی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە بە ئینگلیزی نووسراوە و کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەچێتە دەرەوەی وڵات تابلۆکەی لێناکرێتەوە و جیاوازی نێوان تابلۆکانی هەرێمی کوردستان عێراق تەنها ئەوە دەبێت کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان ناو و ئاماژەی هەرێمی کوردستانی لەسەر دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هەوڵ بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێم هەبوو، بە جۆرێک لەبری ناوی عێراق، ناوی کوردستانی بەسەرەوە بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو هەوڵانە بەئاکام نەگەیشتوون و جێبەجێنەکراون.
شـ.ف
هـ.ئـ