پەیامنیری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، رووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی سالم لەنزیك مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتدا روویدا و بەوهۆیەوە شەش کەس برینداربوون کە پێنجیان ژنن.
ئاماژەی بەوەشدا، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە جۆری لانسەر بوون و لە رووداوەکەدا شەش کەس بریندار بووە کە برینی بەشێکیان سەختە و یەکێكیان پیادەڕوێك بووە و بەسەر شەقامەکەدا رۆیشتووە.
ماوەیەکە رووداوەکانی هاتوچۆ لە شەقامی سالمی سلێمانیدا و ناسراو بە (شاڕێی سالم) روولەزیادبوونە، بەشێك لە هاوڵاتیان و کارمەندانی هاتوچۆ پێیان وایە هۆکارەکەی تیژڕەویە، لەکاتێکدا ئەو شەقامە پانتاییەکی وای نییە بەخێرایی پیایدا تێپەڕبن.
رووداوەکانی ھاتوچۆ بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان لە کوردستان دادەنرێت، کە بەشێک لە ھۆکارەکەی بۆ خراپی رێگاوبانەکان و تیژڕەوی و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی ھاتوچۆ دەگەڕێنرێتەوە.