ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، گرانی نرخی بەنزین بەهۆی کەمی بەنزینەوە نییە، بەڵکو کەرتی نزیك لە بەرپرسان یاری بە نرخەکەی دەکەن و دابەزاندی نرخەکەشی پەیوەستە بە دەستوەردانی حکومەت لەو دۆخە، دەشڵێت، پارێزگار بەرپرسە لە هێنان و قەدەغەکردنی بەنزین بۆ ناو پارێزگاکان
رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، ئەوەی لە کوردستاندا روودەدات لەسەر گیرفانی هاوڵاتییە و بەمانای بێ خاوەنی و بێ کۆنترۆڵی نرخی سوتەمەنی دێت لەم هەرێمەدا.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، حکومەت گۆڕەپانەکەی بۆ کەرتی نزیك لەبەرپرسان چۆڵکردووە و تاکە پێوەریشیان قازانجی ماددی و دەستکەوتنی پارەیەکی زیاترە و رەچاوی بەرژەوەندی گشتی ناکرێت.
باسی لەوەشکردووە، بوژانەوەی بازاڕەکانی جیهان بەتایبەت کەرتی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین نییە، ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراقی فشار ناخاتەسەر هاوڵاتیان و ناهێڵێت کەرتی تایبەت دەستبگرێت بەسەر بازاڕدا.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، هێنان و قەدەغەکردنی بەنزین بۆ ناو پارێزگاکان لەدەستی پارێزگاردایە، ئەگەر ئەو واژۆ لەسەر هێنانی نەکات ناتوانێت یەك لیتر بەنزین داخڵ ببێت، دەشڵێت، لەکاتی پێشکەشکردنی داواکاری هێنانی بەنزین رەچاوی بڕ و کوالیتی ناکرێت و هەر ئەویدەتوانێت بڕی قازانج بۆ ئەو کۆمپانیایە دیاری بکات، بەڵام رەچاوی ئەوە ناکرێت.
ئاشکراشیکرد، دروستکردنی رکابەڕی لەنێوان کۆمپانیاکان و زیادکردنی بڕی سوتەمەنی و دەستوەردانی حکومەت لەو دۆخەدا نرخی بەنزین دادەبەزێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەى مانگێکە نرخى بەنزین لە شارەکانى هەرێمى کوردستان بە بیانووى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار و زیادکردنى باجەوە بەرزکراوەتەوە و حکومەتى هەرێمیش تا ئێستا هیچ پلانێکى بۆ دابەزاندنى نرخەکەى نییە، هاوکات نرخى لیترێک بەنزین لە سەرجەم شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق تەنها ٤٥٠ دینارە و چەندین ساڵیشە ئەو نرخە بەجێگیرى ماوەتەوە.
ئـ.مـ
هـ.ئـ