لە یادی تێپەڕینی ٧٤ ساڵ بەسەر پەڕینەوەی بارزانی لە رووباری ئاراسدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، هەموو هەوڵی دووژمنان ئەوە بوو، كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن.
مەسعود بارزانی لە ساڵیادی پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە رووباری ئاراس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد، ٧٤ ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی و یاوەرانی لە رووباری ئاراسدا تێدەپەڕێت، کە لە ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٤٧ـدا دوای پەنجاو سێ رۆژ شەڕ و بڕینی سنوری ئێران و عێراق و توركیا و روبەڕوبوونەوەی سوپا و چەکدارانی سێ دەوڵەت و پوچەڵکردنی هەڕەشەی دووژمنان لە رێڕەوێكی دوورودرێژ و سەختدا، توانیان لە رووباری ئاراس بپەڕنەوە و بچنە خاكی یەكێتیی سۆڤییەت.
باسی لەوەشکردووە، ئەو داستانە رەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی رەوای كورد لەو كات و لە قۆناغەكانی داهاتوو بەجێهێشت.
لە پەیامەکەیدا، مەسعود بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، هەموو هەوڵی دووژمنان ئەوە بوو، كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن، بەڵام لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلی کورد بەسەر پیلانی دووژمنان سەركەوت.
مستەفا بارزانی لە رۆژی ١٨ی ٦ ساڵی ١٩٤٧ دوا کەسی ئەو کاروانە بوو کە لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و بەرهو یەکێتی سۆڤیەت رێی کردووە.
هـ.ئـ