ماوەی چەن هەفتەیەکە نرخی بەنزین روو لە زیادبوونەوە و بە قۆناغ زیادیکردووە، حکومەتیش بیانووەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگەڕێنێتەوە، ئەوە جگە لەوەی تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی حکومەت بە کەمکردنەوەی نرخی بەنزین روون نییە.
لە ئێستادا نرخی بەنزین لە هەولێر و سلێمانی جیاوازی هەیە، بە جۆرێک نرخی بەنزینی سۆپەر لە هەولێر هەزار و ٥٠ دینار و لە سلێمانی ٩٠٠ دینارە، بەنزینی محەسەن لە هەولێر بە ٨٥٠ و لە سلێمانی بە ٨٠٠ دینارە، بەنزینی نۆرماڵیش، لە هەولێر بە ٧٢٥ دینار و لە سلێمانیش بە ٧٥٠ دینارە.
لە حەفتەی رابردوودا نرخی بەنزین لە هەندێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر کەمکرایەوە بۆ ٤٥٠ دینار، بەڵام هاوڵاتیان باسیان لەوە دەکرد، کە کوالێتی بەنزینەکە خراپە.
بەشێکی پەرلەمانتاران بەرپرسان و شارەزایانی ئابوری و باس لەوەدەکەن، گرانبوونی نرخی بەنزین هیچ پەیوەندییەکی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەمی بڕی بەنزینەوە نییە و بەڵکو پێیان وایە ئەو کۆمپانیایانەی نزیک لە حزبەکانن یاری بە نرخەکەی دەکەن.
پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، کە زیادبوونی گەشتیار و کردنەوەی قوتابخانەکان یەکێکن لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، گرانی نرخی بەنزین بەهۆی کەمی بەنزینەوە نییە، بەڵکو کەرتی نزیك لە بەرپرسان یاری بە نرخەکەی دەکەن و دابەزاندی نرخەکەشی پەیوەستە بە دەستوەردانی حکومەت لەو دۆخە، دەشڵێت، پارێزگار بەرپرسە لە هێنان و قەدەغەکردنی بەنزین بۆ ناو پارێزگاکان.
سەرەڕای ئەوەی نزیک بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و لایەنەکان لە هەوڵی بانگەشەدان بۆخۆیان، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵی حکومەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین روون نییە و دیار نییە ئاخۆ حکومەت دەیەوێت دەست لەو بابەتە وەربدات و نرخەکەی بۆ هاوڵاتیان جێگیربکات یاخود نا.
ئەوە جگە لەوەی، سەرەڕای ئەوەی هاوشێوەی هەرێم لە عێراقدا نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی بەنزین جێگیرە و نە لێبڕینی موچە بۆ هاوڵاتیان هەیە و نە نرخی بەنزین گرانکراوە.
هـ.ئـ