پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی خۆکردنە بەڵێندەر و فێڵکردن لە هاوڵاتیان دەستگیرکردووە.
پۆلیسی هەولێڕ لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە ناوی (م.م.ص)ـە، خۆی وەک بەڵێندەر و خاوەن کۆمپانیا ناساندبوو و لە چەندین بنکەی پۆلیس و نووسینگەی نەهێشتنی تاوان، فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و فرت و فێڵیشی لە ژمارەیەک هاوڵاتی کردووە.
ئەوە خراوەتەڕوو، تۆمەتبارەکە لە بنکەی پۆلیسی کوردستان بەپێی ماددە (٢٢٩) و لە بنکەی پۆلیسی (ڕاپەڕین) بەپێی ماددە (٤٥٦) و لە بنکەی پۆلیسی (شادی) بەپێی ماددە (٤٥٦) و لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژهەڵات بەپێی ماددە (٤٤٤) لە یاسای سزادان داواکراوە.
ئەوە خراوەتەڕوو، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و دراوەتە دادگا.
بوونی ئەو جۆرە رووداوانە و خۆناساندن بە بەڕێوەبەری کۆمپانیا یان بەڵێندەر نوێ نییە و لە رابردووشدا رووداوی هاوشێوە هەبووە لە هەرێمدا، لە نموونەی ئەوانەش سلێمان هەڵشۆییە، کە گەنجێکی دانیشتووی ناوچەی پشدەرە، لە ماوەی رابردوودا و بە تۆمەتی فێڵکردن و وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان، بەپێی ماددەی ٤٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر سکاڵای چەند هاوڵاتییەک دەستگیرکرا، هاوکات، تا ئێستا نازانرێت بڕی تەواوی پارانە چەندە کە لە هاوڵاتیان وەریگرتووە و لەچیدا خەرجکراون.