سەردێڕ:

چۆن پارێزگاری دهۆک لە پۆستێکی خۆی پاشگەزبووەوە؟

فۆتۆ: 
2021-06-18

8445 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی رابردوودا، زیاتر لە ٦٠ رۆژنامەنوس و چالاکوان لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون، ئەوەش لەسەر داواکردنی مافی خۆیان و ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر لێبڕینی موچە و دواکەوتنی موچەکانیان، سەرەڕای ئەوانەش لە پۆستێکدا پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، کە "كونسوڵی یەكێتی ئەوروپا پێی وتووم، كە پارێزگای دهۆک باشترین پارێزگای هەرێم و عێراقە بۆ ئازادی رادەربڕین"، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێک پارێزگاری دهۆک ئەو پۆستەی سڕیەوە.


عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە پۆستی یەکەمیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ فینیست كونسوڵی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێم تاوتوێی پرسەکانی ئاوارە و پەنابەران، وشکەساڵی، کێشە و ئاریشە سنوورییەکان، پێکەوەژیانی خەڵکی ناوچەکە، ئازادی رادەڕبڕینیان کردووە، ئەوەشی وتووە، "کونسوڵی یەکێتی ئەوروپا پێی وتم کە پارێزگای دهۆک باشترین پارێزگای هەرێم و عێراقە بۆ ئازادی رادەربڕین."

No description available.

پۆستەکەی پارێزگاری دهۆک کاردانەوەی زۆرى بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئازادیى رادەربڕین لەو پارێزگایە بوو بە جێگەى رەخنەى میدیا و وەزارەتەکانى دەرەوە و کونسوڵخانەکانى بەشێک لە وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان.

هەر بۆیە پاش تێپەڕبوونی تەنها چەند کاتژمێرێک بەسەر ئەم پۆستەدا، پارێزگاری دهۆک پۆستەکەی سڕیەوە و پۆستێکی دیکە بڵاوکردەوە، بە دیاریکراویش رستەی، "كونسوڵی یەكێتی ئەوروپا پێی وتوم كە پارێزگای دهۆک باشترین پارێزگای هەرێم و عێراقە بۆ ئازادی رادەربڕین" لە پۆستەکەیدا لابرد.

No description available.

ئێن ئاڕ تی لە چاوگێکەوە ئەوەی زانیووە، سڕینەوەی ئەو دێڕە لە نوسینەکەی پارێزگاری دهۆکدا لەسەر داوای کونسوڵی یەکێتی ئەوروپا بووە و کونسوڵی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆشی دەربڕیووە لەبارەی ئەوەی بەناوی ئەوەوە نووسراوە.

دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان، سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بەردەوامی هەیە لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادی رادەبڕینیش هۆشیارییان داوە لە مەترسییەکانی ئەو کارانەی پارتی و یەکێتی بە تایبەتی لە کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان و هێرش و فشارەکانی ئەو دوو حزبە بۆسەر میدیا و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان.

لە دوایین راپۆرتیشیدا لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەی خستبووەڕوو، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی پاراستن تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە رێگەی دەستگیرکردنیان و دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و ترساندنیان.

رۆژی ١٦ی مانگی شوبات، دادگای تاوانی هه‌ولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران و کونسوڵخانەی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەبڕیارێکی نادادپەروەرانەیان زانی.

No description available.