دوێنێ پێنجشەممە، لە شاری ئیزمیر هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هەدەپە و ئەندامێکی ئەو پارتەش کوژرا و لەوبارەیەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت، "هەرگیز دەست لە خەباتی دیموکراسی و ئاشتی خۆمان هەڵناگرین."
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتەر بڵاویکردەوە، "من بۆ هاوڕێمان دەنیز پۆیراز کە بە شێوەیەکی ناشیرین کوژرا، نزا لە خودا دەکەم بۆی و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی دەکەم."
سەڵاحەدین دەمیرتاش باسی لەوەشکردووە، "ئازاری گەورەی بەرخۆدانی ئێمە زۆر گەورەیە و ئێمە ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەناسین و دەزانین ئامانجیان چییە و ناکەوینەبەر هێرشی ئەوان و هەرگیز دەست لە خەباتی دیموکراسی و ئاشتی خۆمان هەڵناگرین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە حسابی هەموو ئەو کارانە لەبەردەم یاسادا دەکەین و خوازیارین هەمووان پێکەوە کۆمەڵگایەکی ئاشتی و ئازاد مسۆگەر بکەین."
دوێنێ پێنجشەممە، هێرشکرایە سەر باڵەخانەی هەدەپە لە شاری ئیزمیر و تێیدا ئەندامێکی هەدەپە بەناوی دەنیز پۆیزار کە تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو کوژرا و بەوتەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، دواتر توانیویانە هێرشبەرەکە دەستگیربکەن و لێکۆڵینەوەکانیان لە رووداوەکە بەردەوامە.