ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاهەنگێکدا لە ناحیەی تەق تەق کچێک درایە بەردەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا.
هەرێم دڵشاد لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەق تەق بۆ ئێن ئاڕتی باسی لەوەکردووە، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە ناحیەی تەق تەق کچێک درایە بەردەستڕێژی گولـلە و دوای ئەوەی بەسەختی بریندارکرا گیانی کەدەستدا.
هەرێم دڵشاد راشیگەیاندووە، تەقەکەرەکە بە چەکی جۆری دەمانچە تەقەی کردووە و دوای رووداوەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسەی تەقەی کردووە لەگەڵ کەسی تەقە لێکراودا خزمی یەکترن و لەئێستاشدا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
هاوکات، هاوکار عەلی بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کۆیە بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، کچێک بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی تەق تەق کە شوێنەواری سێ فیشەک بە جەستەیەوە دیاربووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
رۆژی ١١ی ئەم مانگەش، تەرمی ژنێک گەیەندرایە پزیشکی دادی سلێمانی و پاش توێکاری بۆ تەرمەکە دەرکەوت کە تەرمەکە بە گولـلە کوژراوە و دواتر سوتێنراوە بە مەبەستی ئەوەی کە نەناسرێتەوە.
خالید محەمەد، کۆیە
نـ. غـ