راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی بانکی ناوەندی دەتوانێت نرخی دۆلار جێگیربکات و رێگە لەبەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار بگرێت.
ئەمڕۆ هەینی، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی باسی لەوەکردووە، سیاسەتی دراوی نەختینەیی بانکی ناوەندی عێراقی و پاشەکەوتەکانی لە دراوی بیانی دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بکات.
راوێژکاری دارایی کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەتوانرێت لە رێگای پڕکردنەوەی خواست لەسەر دراوی بیانی، ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بۆ بانکە بیانییەکان و پڕکردنەوەی خواستی بازرگانییە بچوکەکان بە خودی دراوی بیانی یەکێکن لە هەنگاوە سەرەکییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار."
بانکی ناوەندی عێراقی لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا رایگەیاند، یەدەکی دراوی بیانی گەیشتووەتە ٥٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی و یەدەگی ئاڵتونیش پێنج ملیار ملیار و ٧٠٣ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبكاتەوە، بەجۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلاری بەرامبەر ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی بۆ هاوڵاتیان دیاریکرد، ئەوەش بووەتە هۆی ناجێگری بازاڕ.
بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەشێكە لەو ڕێوشوێنانەی حكومەتی عێراق بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢١ بیگرێتە بەر لە پێناو كەمكردنەوەی ئاستی كوردتهێنانی بودجە.
مستەفا موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردەوە، "وەزارەتی دارایی بەفەرمی داوای لێکردین نرخی یەک دۆلار بۆ هەزار و ٤٥٠ دیناری عێراقی بەرزبکەینەوە"، راشیگەیاند، "یەدەگی دراوی عێراق تائێستاش باشە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە، بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار ٢٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرا و لە سەرەتای ئەم هەفتەوە بانکی ناوەندی عێراقی دەستیکرد بە فرۆشتنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر رۆژێک، دوای ئەو هەنگاوەی نرخی دۆلار دابەزی.
نـ. غـ
ئـ. بـ