سەردێڕ:

لە بەغداوە؛ کاتی ھاتنی پارەکەی ھەرێم ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-06-18

61040 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی وتەی شارەزایەکی یاسای دەستوری، "لە بەغداوە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا بڕەپارەیەک دەگاتە ھەرێم."


تارق حەرب شارەزای یاسای دەستوری لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "بەدڵنیاییە لە بەغداوە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا بڕەپارەیەک دەگاتە سەر حسابی بانکی ھەرێم"، دەشڵێت، "ئەو پارەیە یەکەم گوژمەی پارەکەی بەغدایە و بە تایبەتی بۆ موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لێبڕینی موچە لە ھەرێم پەیوەندی بە بەغداوە نییە و پەیوەندیدارە بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە."

تارق حەرب راشیگەیاندووە، "هیچ گرفتێکی گەورە لە نێوان بەغدا و هەرێم نییە کە بەگفتوگۆ چارەسەر نەبێت."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.

١٢ی ئەم مانگە، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

تارق حەرب ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، چونکە هەڵبژاردنی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە لەعێراق دروست دەکات."

بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان شاند دەنێرنە عێراق و هەرێم.