وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگای هەولێر-پیرمام روویداوە و لەکاتی پێکداکێشانەکەشدا پیاوێکی بەتەمەن پەڕی و گیانی لەدەستدا.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر چۆنێتی رووداوەکەی گێڕاوەتەوە و دەڵێت، رووداوەکە کاتژمێر ٦ و نیوی بەیانی روویداوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی بەهۆی تیژڕۆیی کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بەسەر دورگەی ناوەندی شەقامەکەدا چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە چەند دارێکی جوانکاریدا.
دەشڵێت، دواتر گەڕاوەتەوە سەرشەقام و وەستاوە، کە بەهۆی رووداوەکەوە سەرنشینێکی بەتەمەن لەکاتی پێکداکێشانەکەدا پەڕیوەتە سەرشەقامەکە و گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکەشی بە سەختی برینداربووە.
فازڵ حاجی دەڵێت، تیژڕۆیی هیچی بەدواوە نییە جگە لە کارەسات، داواش دەکات، شۆفێران پابەندی خێرایی شەقام بن.