سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی نەخۆشخانەی هیواوە هاتە دەنگ

فۆتۆ: 
2021-06-19

10002 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیاندراوێکی تایبەت بە نەخۆشخانەی هیوادا بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی نەخۆشخانەکەوە بڵاوبوونەتەوە گوایە دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، "ناراستە و بۆ چەواشەکاری و موزایەدەیە."


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە بارەی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، " سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و موزایەدەکردن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە، دەڵێن، "هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی بوون و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان.

لەبارەی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکەش وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانگانە چەندین ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان تەرخانکراوە.

لە بارەی موچەی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکەشەوە وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشکردووە، "هاوڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە رێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت".

دەشڵێت، هەموو ئاسانکاریەک دەکەن بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.

پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.

لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.

بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.

كـ ، ئـ