چیا مەجید بێژەر و پێشکەشکاری کەناڵی ئێن ئاڕ تی، لە روماڵی تایبەتی ئێن ئاڕ تیدا تایبەت بە "کەمپینی هەفتەی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ نەخۆشخانەی هیوا" بەدیار چیرۆکی یەکێک لە نەخۆشەکانەوە ناتوانێت دانبەخۆیدا بگرێت و دەگریا.
لە روماڵەکەدا گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ چیرۆکی ژیانی خۆی و سەختییەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا دەگێڕێتەوە و باس لە نەبوونی دەرمان و ئازارەکانی دەکات.
ئەو گەنجە دەڵێت، "خەڵک نەبێت من هیچم نییە، ناتوانم ئەو قورساییە دابین بکەم، جاری وا هەیە بە مانگ لە نەخۆشخانە دەمێنمەوە"، ئەو دەڵێت، "ئەگەر نەخۆشخانەی هیوا نەبێت هەموو نەخۆشەکان گیان لەدەستدەدەن، ئەوە جگە لەوەی دەرمانەکانیان بێ بەرامبەرە."
ئەو گەنجە چیرۆکی ئازارەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "لە ماڵەوە ناچاردەبم لەبەر ئازار و نارەحەتی دەرمان و ئۆکسجین بەکاربهێنم، کە ئەوەش بارێکی قورسە لەسەر شانم."
ئەو گەنجە کە وەک خۆی دەڵێت، نەخۆشییەکەی کەمخوێنی و شێرپەنجەی لیمفەگرێکانە و چارەسەری هەیە، بەڵام دەبێت چاندنی مۆخ بکات و ئەوەش تێچووی زۆری دەوێت، دەڵێت، "ئەگەر نەخۆشخانەی هیوا نەیکات هیچ توانایەکم نییە و خەڵک نەبێت نان نەبێت بیخۆم"، ئەو گەنجە پێشتریش ئەو نەشتەرگەرییەی ئەنجامداوە.
لە بەرامبەر گێڕانەوەی ئازارەکانی ئەو گەنجە و نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوادا، چیا مەجیدی پێشکەشکار ناتوانێت دانبەخۆیدا بگرێت و دەست دەکات بە گریان، لەو بارەیەوە ئەو دەڵێت، "گریانی من تەنها بۆ ئازار و خەونەکانی گەنجێکە کە ئاواتی چاکبوونەوە دەخوازێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.
پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.
لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.
بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.
چیا مەجید کێیە؟
چیا مەجید یەکێکە لە بێژەر و پێشکەشکارەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، تەمەنی ٣٥ ساڵە و هاوسەرگیری ئەنجامداوە و خاوەنی سێ منداڵە، هەریەکە لە زمانەکانی ئینگلیزی و سویدی دەزانێت.
چیا مەجید لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی وەک بێژەری هەواڵی سیاسی و هەواڵساز دەستیبەکارکردووە و پێشکەشکاری بەرنامەی ١٨٠ بووە و لە ئێستاشدا پێشکەشکاری بەرنامەی ٣٦٠ و بێژەری هەواڵەکانە.
هـ.ئـ