عەقیدێکی هاتوچۆ وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە و ئەفسەرێکی هاتوچۆ ئاشرایکردووە، کە مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دینار دەچێتە سەر هەژماری نەخۆشخانەی هیوا و دەڵێت، "لە ئێستادا زیاتر لە پەنجا ملیار دینار لە هەژماری نەخۆشخانەی هیوا بوونی ھەیە."
بەختیار محەمەد عەقیدێکی هاتوچۆیە و توشبوویەکی شێرپەنجەشە، یەکێکە لەو ئەفسەرانەی هاتوچۆ ماوەی چەند ساڵێکە بەرنامەی هۆشیاری لەسەر هاتوچۆ هەبووە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند نهێنییەکی ئاشکراکردووە و داوایەک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات و نووسیویەتی، لە ئێستادا دۆخی نەخۆشخانەی ھیوا لەوپەڕی خراپیدایە، تاکار گەیشتووەتە ئەوەی پیتاک و خێر سەدەقە و کەمپینی بۆ رێک و کۆبکرێتەوە.
نووسیویەتی، "بەندە وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە و قەرزباری ئەو نەخۆشخانەیە، لەھەمان کاتدا ئەفسەرێکی ھاتوچۆم و بەئاگام لەوەی کەمانگانە و تاکو ئێستا لەداھاتی ھاتوچۆی سلێمانی سەروی ملیار دینار دەچێتە سەر هەژماری نەخۆشخانەی ھیوا و ھەر لە ئێستاشدا زیاتر لە پەنجا ملیار دینار لە هەژماریدا بوونی ھەیە."
بە پەرلەمانی کوردسان دەڵێت، "ئەگەر بە ئەرک و رۆڵی خۆتان ھەستن ھیچ پێویست بەو ھەڵا ئیعلامییە ناکات کەدەکرێت بەناوی ھیوا و خێر و سەدەقەی کەسی ناوێت"، بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٢ی بڕگەی ٩، ٪٥ی داھاتی ھاتوچۆی تەرخانکردووە بۆ ھاوکاری سندوقی شێرپەنجە و لیژنەیەکی دیاریکردووە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام نازانم ھۆکار چییە لێژنەی ناوبراو بەم کارە بۆچی ھەڵناسن؟."
لەبارەی چارەسەرەوە دەڵێت، "ئەرکتانە لەئێستادا و بەپەلە ھەستن بە کاراکردنی ئەم کەیسە و لیژنەیەک دەستنیشان و دیاریبکەن بۆ ھەر پارێزگاێک بەجیا، بەمەرجێک دەسەڵاتی خەرجی ئەو هەژمێرانەیان ھەبێت و باش وایە بەسەرۆکایەتی و ئەندامێتی پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی پارێزگارەکان و بەرێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کان پێکبھێنرێت."
ئە ئەفسەرە رایگەیاندووە، دڵنیایە لەوەی سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، پێیان دەڵێت، "ئێوە بەرپرسیارن بەرامەبەر بەخودا و گەل و مێژوو، بۆیە دواتکام لێتانە بێنە سەر خەت و بەشدار بن لەکەمکردنی ئازار و کۆژانی نەخۆشانێک کە تەنھا خودا ئاگادارە لەحاڵ و گوزەرانیان. "
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.
پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.
لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.
بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.
لەدوای کەمپینەکەی ئێن ئاڕ تیش، وەزارەتی تەندروستی هاتەسەر خەت و رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی نەخۆشخانەکەوە بڵاوبوونەتەوە گوایە دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، "ناراستە و بۆ چەواشەکاری و موزایەدەیە."
هـ.ئـ