وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێم رایگەیاند، كێشەی سندوقی شێرپەنجە كێشەیەكی سیاسییە و ئێمە لێی بەرپرس نین.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە بارەی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجەی تایبەت بە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە هەرێم بەگشتی و نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی بەتایبەتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "كێشەی سندوقی شێرپەنجە بە دوور و نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نییە و حساباتیان تایبەتە و خۆیان بە بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری و پارەی لێ خەرج دەكەن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێژەی 2% پەیوەندی بە سندوقی شێرپەنجەی خەرجیەكانەوە نییە و رێنمایەكی كۆنە و پەیوەندی بە خەرجكردنی شایستەی دارایی دەرمانەوەهەیە.
لە بارەی چۆنیەتی جەرخکردنی پارە بۆ کڕینی دەرمان وەزارەتی دارایی لە رەگەینراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، "وەزارەت لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رێكەوتوون پارەی كڕینی دەرمان چارەسەر بكەن و بە پێی سیولە پارەیان بۆ خەرج بكرێت وەكو ساڵانی پێشوو".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بە بەرپرسیارێتی کردووە و دەڵێت، "كێشەی سندوقی شێرپەنجە و كێ سەرپەرشتیاری بووە، كێشەیەكی سیاسییە و وەزارەتی دارایی و ئابوری لێی بەرپرسیار نییە".
هەروەها، لەبارەی خەرجکردنی موچەی "لەبری نۆرینگە"ەوە وەزارەتی دارایی باسی لەوەکردووە، لە رۆژی ١٥/٦/٢٠٢١ كێشەی(بدل عیادات) و (میلاكات) بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەركراوە و بە بێ ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بە داراییەوە هەبووبێت".
لە کۆتایی راگەیوەنراوەکەدا وەزارەتی دارایی دەشڵێت، كێشەی پێدانی رەزامەندی داواكاری نەخۆشخانەی هیوا بۆ وەرگرتنی ٥٠٠ ملیۆنی مانگانە لە رێگەی وەزارەتی تەندروستیەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، ئەوەش دوور و نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نییە.