سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتوەکان پارە دەدات بەم هاوڵاتیانەی هەرێم

فۆتۆ: 
2021-06-19

105557 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، پلانیان هەیە لە ماوەی ئەمساڵدا هاوکاری نزیکەی ٨٥٠ هەزار هاوڵاتی بکەن لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، مانگانە چوار ملیۆن دۆلار دەدەن بەو خێزانانەی پێویستیان بە هاوکارییە.


عەبدولڕەحمان میجاج پەیکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کارێکی دڵتەزێن و مایەی نیگەرانیە و ئەمەش وایکردووە چەندین خێزان پێویستیان بە هاوکاری بێت لەم کاتەدا."

بەگوێرەی وتەی پەیکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی، "بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراقدا رێژەی هەژاری بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا گەیشتووەتە ٣١.٧٪."

عەبدولڕەحمان میجاج ئاماژەی بەوەشداوە، بەکۆی گشتی نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار لەلایەن رێکخراوی خۆراکی جیهانییەوە مانگانە دەدرێت بەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە.

باسی لەوەشکردووە، لە بەشێکی دیکەی ئەو هاوکارییە وەکو سەبەتەی خۆراک دابەشدەکرێت جگە لە هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران بە گۆژمە پارەیەک بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان جێبەجێبکەن.

لە ئێستادا دوای ئەوەی دوو ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێپەڕیوە، هێشتا لێکەوتەکانی بەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە ماون، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە پێچەوانەی حکومەتی وڵاتانی جیهانەوە کە جگە لە موچەکانی خۆیان پارەی زیادەیان بەسەر هاوڵاتیانیاندا دابەشدەکرد، حکومەتی هەرێم موچەی بە لێبڕینەوە دابەشکردووە و نرخی شتومەک و کەلوپەلیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هیچ پلانێکیشی بۆ دابەزاندنی نرخەکان نەخستووەتەڕوو.