سەردێڕ:

تورکیا بۆردومانی ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرد

فۆتۆ: 
2021-06-19

14562 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندێکی سەر بە قەزاکەیان کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێکیش بریندارە، کە هاوڵاتی مەدەنی نەبوون.


کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێر شەش و ٤٠ خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکەکانی تورکیا لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزاکەیان ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆردومانەکە لەکاتێکدا بووە مەفرەزەیەکی هێزەکانی پەکەکە بە گوندی گەڵاڵیدا رۆشتوون، دەشڵێت، بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو کوژراون و کەسێکیش بریندارە، کە هاوڵاتی مەدەنی نەبوون. 

ناو بە ناو فڕۆکەکانى تورکیا ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان لە هەرێمى کوردستان دەکەنە ئامانج و ساڵى رابردووش بەهۆى بۆردومانى فرۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى تورکیاوە لە سەیرانگاى کونەماسى لە پارێزگاى سلێمانى چوار هاوڵاتى کە ئەندامى یەک خێزان بوون بە سەختى برینداربوون.

رۆژی ١٣ی مانگیشدا، لە بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەواندا لە دەڤەری پشدەر چوار کەس گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان ئەندامی پەکەکە بوون و یەکێکیان هاوڵاتییەکی سڤیل بوو.