سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت، کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت."
بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی پەیوەندیی تەلەفۆنی بە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانییەوە کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کێشە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوای کۆڵییەوە و رایسپاردن، کە بەزووترین کات لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن و کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەکە چارەسەربکەن."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "مەسرور بارزانی پاڵپشتی حکومەتی ھەرێمی بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ھیوا و ھەموو نەخۆشخانەکانی چارەسەرکردنی توشبووانی شێرپەنجە دووپاتکردەوە و جەختیکردەوە، کە نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت، کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت."
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی نەخۆشخانەی هیواوە بڵاوبوونەتەوە، کە گوایە دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، "ناراستە و بۆ چەواشەکاری و موزایەدەیە."
ئەم وتانەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە، کە حکومەتی هەرێم خۆی ماوەیەکی زۆرە پارەی بۆ نەخۆشخانەکە نەناردووە و نەخۆشخانەکەی پشتگوێ خستووە.
بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.
پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.
لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.
بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.